ئا: هێڕش شۆڕش
له دیدارێکدا له‌گه‌ڵ ئاڵای ئازادی، عارف باوه‌جانی سکرتێری پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، ئاماژه به هه‌ڵه‌کانی سه‌رکردایه‌تی سیاسی کورد ده‌کات له باشوری کوردستان له دوای پرۆسه‌ی ئازادی ئێراق، به تایبه‌ت له مه‌سه‌له‌ی که‌رکوکداو ده‌ڵێ دوای ڕوخانی به‌عس پێویستی به‌وه نه‌ده‌کرد که قبوڵ بکه‌ین که‌رکوک بخرێته نێۆ ماده‌وه، چونکه ئه به ناو نه‌یارانی سه‌دام کاتێک له تاراوگه بوون باش ده‌یانزانی کێشه‌ی کورد و ڕێنه‌که‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌دام به‌شی زۆری که‌رکوکه، ئیتر بۆ ده‌بێت ئه‌وانیش له خۆمان بکه‌ینه‌وه به سه‌دام.
ئاماژه به نه‌بوونی یه‌ک گوتاری سیاسیی کورد ده‌کات له هه‌ر چوارپارچه‌داو ناکۆکی نێوان حیزبه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتیش به نمونه دێنێته‌وه‌و ئاماژه ده‌کات باوی به شۆێن که‌وتنی بیرۆکه‌ی کۆمۆنیستی ئێرانی و جیهانی
باوی نه‌ماوه، با هه‌موومان له بیری ڕزگارکردنی خاک و زێدی خۆماندابین.
*ئاڵای ئازادی ـ له‌سه‌ره‌تادا پێمخۆشه پارتى سه‌ربه‌ستیى كوردستان بناسێنن؟.
عارف باوه‌جانی وڵام : پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان پارتێکی ڕامیاری ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستانه، له 28 ی ڕێبه‌ندانی 2705ی کوردی، به‌رامبه‌ر به17.2.2006 زاینی دامه‌زراوه، ئه‌م پارته خه‌بات ده‌کات بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی بیرۆکه‌ی سه‌ربه‌خۆیی خوازی له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، پێگه‌یاندنی نه‌وه‌ی داهاتوو بۆ ئه‌م ئه‌رکه پیرۆزه، واته ئامانجی سه‌ره‌کی و درێژخایه‌نی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، خه‌باته بۆ وه‌ده‌ست هێنانی ده‌وڵه‌تێکی دیموکرات و سه‌ربه‌خۆ له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان، ئێمه پێمان وایه که کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان ده‌بێت قۆناخه‌کانی خه‌باتی خۆی بگۆڕێت به خه‌بات بۆ سه‌ربه‌خۆیی یه‌کجاری، ئیستا ده‌بینین که نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ستی ئێران له پاش ئێمه‌ی کورد ده‌ستیان به خه‌بات کردوه به‌ڵام له هه‌ڵگرتنی خه‌باتی سه‌ربه‌خۆیی خوازی پێش کورد که‌وتوون، ئێمه وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان و به‌شێک له پارتی نه‌ته‌وه‌کانی دیکه‌ی بنده‌ستی ئێرانیش ئاینده‌ی ئێران هه‌روه‌ک ئاینده‌ی یوگسلافیایی پێشوو ده‌بینین. که هه‌موو نه‌ته‌وه‌کان سه‌ربه‌خۆ ده‌بن و بۆ هه‌میشه له ژێر سته‌می داگیرکه‌ر نه‌جاتیان ده‌بێت.
*ئاڵای ئازادیـ دواى ته‌قينه‌وه خۆكوژييه‌كه‌ى كه‌ركوك، ئێوه له‌به‌ياننامه‌يه‌كدا ئه‌وه‌تان راگه‌ياندووه كه پێويسته باشوورى كوردستان سه‌ربه‌خۆيي رابگه‌يه‌نێ، ئايا پێتانوايه له‌ئێستادا ئه‌و رێگه‌يه دروسته؟
عارف باوه‌جانی وڵام: زۆر له مێژه کاتی ئه‌وه هاتووه که باشوری کوردستان سه‌ربه‌خۆی خۆی ڕاگه‌یه‌نێت، نه‌ک هه‌ر ئێمه به‌شکو له زار و پێنووسی چه‌ندین که‌سایه‌تی جیهانی وهه‌روه‌ها له ده‌یان ڕۆژنامه وگۆڤار وکتێبی جیهانی بیستوومانه باسیان کردوه، هه‌موویان ده‌ڵێن که کورده‌کان له ساڵی 2003 گه‌وره‌ترین هه‌لی مێژوویان له کیس خۆیان داوه، مخابن ده‌بوو باشوری کوردستان له پاش نه‌مانی به‌عس ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆیی کوردیان ڕاگه‌یانبدایه، ئه‌وه 5 ساڵه به سه‌ر ئه‌و وه‌زعه تێده‌په‌ڕێت کورد نه‌یتوانیوه بستێ خاکی که تا پێش ساڵی 2003 له ژێر ده‌ستی به‌عس بووه بیگه‌ڕێنێته‌وه سه‌ر هه‌رێمی کوردستان، مه‌به‌ستم ئه‌وه نییه که کاریان بۆ نه‌کردوه، به‌ڵام دیاره ویستویانه له ڕێگه‌ی یاساوه به ده‌ستی بێننه‌وه، به‌س ده‌بێت ئیستا بۆمان ڕوون بێته‌وه که داگیرکه‌رانی کوردستان به چاک و خرابیانه‌وه له مه‌ڕ داگیرکردنی خاک وسه‌روه‌ت و سامانی کوردستان یه‌ک قسه و یه‌ک به‌رنامه‌ن، کورد له درێژایی مێژوودا زه‌ربه‌ی قه‌وڵ و قه‌راری ناڕاستی خۆاردوه، ئیدی ده‌بێت که‌ڵک له مێژووه‌کانمان وه‌ربگرین و هه‌میشه مێژووی تاڵمان دووپات نه‌که‌ینه‌وه، هیچ که‌سێک ئاسان کاری بۆ ئێمه‌ی کورد ناکات که سه‌ربه‌خۆیی خۆمان به ده‌ست بێنین، به تایبه‌ت خه‌ڵکی ئه‌م 4 وڵاته داگیرکه‌ره، حه‌تا ئه‌وانه‌ش وا نه‌یاری حاکمانی خۆیانن له ئاست گه‌لی کورد وه‌ک حاکمی پێشوویان بیر ده‌که‌نه‌وه، ئه‌مه بووه‌ته فه‌رهه‌نگێک له نیوانیاندا که بۆیان ته‌حه‌مول ناکرێت گه‌لی کوردیان لێ جیابێته‌وه، ده‌بێت ئێمه‌ی کورد بۆ خۆمان وه‌ک باوه‌ڕێکی به هێز بیخه‌ینه نێۆ هزر و خۆێن ومێشکمان و کاری به‌رده‌وامی له سه‌ر بکه‌ین، ئێمه نابێت نه‌بونی پشتیوانی جیهانی بکه‌ینه به‌هانه‌ی سه‌ربه‌خۆ نه‌بوونمان، من پێم وایه ئه‌گه‌ر ئێمه‌ی کورد بۆ خۆمان له‌سه‌ر ئه‌و خه‌باتی به‌رده‌وام بۆ وه ده‌ست هێنانی ده‌وڵه‌تی سه‌ربه‌خۆمان به‌رده‌وام باین ئه‌وه به دڵنیایه‌وه جیهانیش پشتیوانی لێ ده‌کردین، ئێمه‌ی کورد له ئاست جیهاندا خۆمان بچووک ده‌که‌ینه‌وه، هیندیک له حیزبه‌کانمان به ئوتۆنۆمی و هیندێک به فیدراڵی بۆ گه‌لی کورد داواکانیان به‌رز ده‌که‌نه‌وه، ئه‌م جۆره شوعاره نالایقانه‌ی به کورد، وا له مه‌سه‌له‌که ده‌کات، که هیچ وڵاتێکی ده‌ره‌کی ته‌داخولی تیدا نه‌کات وله‌به‌ر ئه‌وه‌ی به کێشه‌ی ناوخۆیی ئه‌و وڵاته ده‌زانێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر وه‌ک گه‌لێکی جیاواز له‌وان بڕژێینه شار‌و شه‌قام و داوای جیابوونه‌وه بکه‌ین ئه‌و کات ده‌بینین که چۆن مه‌سه‌له‌که ده‌نگ ده‌داته‌وه، به‌ڵام کاتێک ئه‌وان ده‌مان بینن ئێمه زۆر گه‌رم نین، ئیدی ئه‌وانیش له‌به‌ر خاتری ئێمه دلی ئه‌و ده‌وڵه‌ته داگیرکه‌رانه که هیندیكیان به‌رژه‌وه‌ندیان زۆر له‌گه‌ڵیان نزیکه عاجز ناکه‌ن. هاوڕێیه‌کم له واشتنگتۆن بۆی گێرامه‌وه که چه‌ند ساڵ پێش به‌ڕێز دیک چینی میوانی چه‌ند خۆێندکارێکی سه‌رکه‌وتووی ئه‌مریکی کردوه، که یه‌کیان کچه کوردێک بووه، کاتێک دیک چینی داوای لیکردوون که خۆیان بناسێنن کچه کورده‌که‌ش وه‌ک خه‌لکی کوردستان خۆی ناساندوه، دیک چینی چه‌ند جار لێی پرسییه‌وه کام کوردستان، ئه‌ویش هه‌ر وتوویه‌تی کوردستان وبه‌س، هه‌روه‌ها ئه‌و کچه به دیک چینی وتووه که ئه‌گه‌ر ئێوه بتانه‌وه‌ێ ده‌زانی کام کوردستانه ده‌ڵێم، به‌ڕیز دیک چینی له وڵامی ئه‌و کچه کورده خۆێندکاره‌دا سه‌رێکی بۆ شوڕاندوه‌و ده‌ستی خستووه‌ته سه‌رشانی و پێی وتووه، به داخه‌وه ئێوه بۆ خۆتان خوازیاری ئه‌وه نین،
ئێمه هه‌روه‌ک له به‌یاننامه‌که‌دا ئاماژه‌مان پێکردوه وئیستاش ده‌یڵێینه‌وه که ئه‌و کاره‌ساته پڕ مه‌ترسیانه له پاش ڕووخانی ڕێژیمی به‌عسه‌وه تا ئاخرین کرده‌وه تروریستییه‌که‌ی که‌رکوک به‌سه‌ر باشوری کوردستاندا هاتووه، هیچی له‌وه زیاتر نییه که له کاتی سه‌ربه‌خۆیی بوونمان به سه‌رماندا دێت، کوردستان ئه‌گه‌ر که‌رکوکیش بێته سه‌ری ئاماده‌یی ته‌واوی هه‌یه بۆ سه‌ربه‌خۆیی، به واتای زۆر که‌سی دۆستی کورد که ده‌ڵین کوردستان ده‌وڵه‌تێکی سه‌ربه‌خۆیه به‌ڵام ڕانه‌گه‌یاندراو،
که‌وابێت با له بیری کۆکردنه‌وه‌ی پشتیوانی نێۆنه‌ته‌وه‌یی بین، با چی دیکه چاوه‌ڕوانی قه‌وڵ وبه‌ڵێنی ناڕاستی به ناو دۆستان و هاوپه‌یمانانمان نه‌بین، با به هه‌ڕه‌شه‌ی عه‌ره‌بێکی بێده‌سه‌ڵات له به‌غدا هێزه‌کانی کوردستان له ناوچه کورد نشینه‌کان نه‌کشێنه‌وه،
*ئاڵای ئازادی ـ تائێستا كورد‌و هێزه‌كانى يه‌ك گوتارى سياسيي يه‌كگرتوويان نييه، سه‌ربارى ئه‌و هه‌موو ياريپێكردنه به‌گه‌لى كورد، ئێوه له‌وباره‌يه‌وه چى ده‌ڵێن؟
عارف باوه‌جانی وڵام: من ته‌نیا ئه‌وه ده‌ڵێن که ئه‌و پلانه‌ی له مانگی 7ی ئه‌م ساڵ دا به سه‌ر گه‌لی کورد له کۆبوونه‌وه‌ی نهێنی و داخراوی په‌رله‌مانی ئێراقدا به‌ڕێوه چووه، باشترین به‌ڵگه‌یه که کورد وه‌خه‌به‌ر بێته‌وه وچی دیکه بڕوای به غه‌یری خۆی نه‌بێت، له پێناو مافه‌ڕواکانی گه‌له‌که‌یدا گوتاری سیاسیان بکه‌ن به یه‌ک، هێزیکی پوخته‌و پۆشته‌ی کوردستانی دوور له حیزبایه‌تی دروست بکه‌ن، کادیری لێهاتووی نیزامی وسیاسی له وڵاتانی ده‌ره‌وه بۆ ئیداره‌کردنی کوردستان زیاتر باربێنن، فڕۆکه‌وان و دیپلوماتی لێهاتووی کوردستانی دروست بکه‌ن، تکایه چی دیکه خه‌ریکی ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ی به‌غدادی عروبه نه‌بن، بێن هه‌ولێرو سلێمانی ودهۆک و که‌رکوک بکه‌ن به ناوه‌ندی سیاسه‌ت وبڕیاردانی کوردستان.
*ئاڵای ئازادی ـ ئێوه وه‌ك پارتى سه‌ربه‌ستى كوردستان، په‌يوه‌نديتان له‌گه‌ڵ هێزه كوردييه‌كان چۆنه؟و چۆنيش ده‌رِواننه خه‌باتى هه‌ردوو پژاك و په‌كه‌كه؟
عارف باوه‌جانی وڵام: ئێمه پێوه‌ندیمان له‌گه‌ڵ هیچ لایه‌نێکی کوردستانی خراب نییه، له‌گه‌ڵ زۆربه‌یان پێوه‌ندی باشمان هه‌یه، خه‌ریکی باشتر کردنی پێوه‌ندین له‌گه‌ڵ ئه‌و لایه‌نانه‌ی دیکه که تا ئیستا نه‌مانتوانیوه وه‌ک پێویست لێیان نزیک بیننه‌وه، له‌گه‌ڵ پژاک و پێکاکاش هیچ کێشه‌یه‌کمان نییه، له‌گه‌ڵ پێ کاکا هێشتا هیچ دیدار و چاوپێکه‌وتنێکمان نه‌بووه، به‌ڵام له‌گه‌ڵ پژاک هه‌واڵ پرسینه‌وه‌یه‌کی دۆستانه‌مان هه‌یه، هه‌روه‌ک له‌گه‌ڵ حیزبه‌کانی دیکه هه‌مانه، دیاره هه‌ر لایه‌نێک بۆ خۆی بڕیار ده‌دا بۆ شێوه‌ی خه‌بات کردنی، ئێمه ڕێز له سیاسه‌ت و خه‌باتی ئه‌و 2 لایه‌نه و هه‌ر لایه‌نێکی دیکه ده‌گرین، به‌ڵام تکامان ئه‌وه‌یه که با هه‌وڵ بده‌ین له خه‌بات و سیاسه‌ت کردنماندا کورد به گه‌لێکی ئاشتی خواز و دیمۆکرات پێشانی جیهان بده‌ین. له پێناو به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانه‌که‌مان هیندێک شێوه خه‌بات هه‌یه که دوژمن ناچارمان ده‌کات و زۆریش پێویسته بۆ شکستی دوژمن به کاریان بێنین به‌ڵام با ئێمه‌ی کور ئه‌وه نه‌یکه‌ین، هه‌وڵ بده‌ین به خه‌باتی زیاتری دیپلوماتی سه‌ره‌نجی جیهان بۆ لای خۆمان ڕاکێشین.
*ئاڵای ئازادی ـ پارتى سه‌ربه‌ستى كوردستان خاوه‌نى چه‌ند چه‌كداره‌و بنكه‌و باره‌گاى له‌كوێيه؟
عارف باوه‌جانی وڵام: پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان، له‌م سه‌رده‌مه‌دا وه‌ک پارتێکی سیاسی دیپلوماتی کار ده‌کات نه‌ک هێزی چه‌کدار، له به‌ر ئه‌وه‌ی ئێمه خاوه‌نی یه‌ک چه‌کیش نین، ئێمه ته‌نیا له شۆێنێک ئێمه چه‌ک هه‌ڵ ده‌گرین که گیانمان له مه‌ترسیدا بێت، ده‌نا ئێمه له‌و بڕوا نین سیاسه‌ت به چه‌که‌وه بکه‌ین، دیاره خه‌باتی چه‌کداری سه‌رده‌می خۆی زۆر پیرۆز و به جێ بووه، به‌ڵام به بۆچوونی ئێمه له سه‌رده‌مه زه‌ره‌ری له قازانجی زۆرتره، باره‌گای ئێمه له ئوروپایه، به داخه‌وه ئه‌وه3 ساڵه چاوه‌ڕیین هێشتا له‌باشوری کوردستان موڵه‌تی کردنه‌وه‌ی نووسینگه‌یه‌کیشمان پێ نه‌دراوه. زۆر جارانیش گلێیمان لێکراوه که حیزب چۆن ده‌بێت له ئوروپاوه باره‌گای هه‌بێت و له باشوری کوردستان نه‌یبێت، ئیتر ئه‌و به‌رێزانه بێخه‌به‌رن له‌وه‌ی که ئه‌وه دڵخوازی ئێمه نییه، به‌شکو ڕێگامان پێ نه‌دراوه. به‌س ئه‌وه‌ی جێگای خۆشحاڵییه که پێوه‌ندی زۆر باشمان له‌گه‌ڵ ناوخۆی وڵات هه‌یه، ڕۆژانه ڕێکخستنه‌کانمان به‌ره‌و زیادبوون ده‌ڕۆن، له زۆربه‌ی شار‌و ناوچه‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان وهاوبیر وڕێکخستنی نهێنیمان هه‌یه.
*ئاڵای ئازادی ـ سه‌ركردايه‌تى سياسيي له‌هه‌رێمى كوردستان زۆر نه‌رمى ده‌نوێنن له‌كاتى هه‌ر گرژى و ئاڵۆزييه‌كدا، به‌لآم عه‌ره‌ب و توركمان به‌پێچه‌وانه‌وه، چۆن ده‌رِواننه ئه‌و هه‌ڵوێستانه؟
عارف باوه‌جانی وڵام: به داخه‌وه ئه‌و نه‌رمی ئێمه وای کردوه که دوژمنانمان زۆر به ئاسانی زه‌ربه‌مان لێبده‌ن، به‌و شێوه‌یه هه‌میشه کاتمان به نه‌یارانمان داوه که خۆیان باش له بواری سیاسی و نیزامییه‌وه ئاماده‌و موسه‌له‌ح بکه‌ن، دوایش ده‌سته پاچه ده‌بین و ده‌ره‌قه‌تیشیان نایه‌یین، نموونه‌ی هاتنه سه‌رکاری ڕێژیمی کۆماری ئیسلامی ئێران و قه‌وڵ و به‌ڵێنییه‌کانی خومه‌ینی ڕێبه‌ری ئه‌و کاتی کۆماری ئیسلامی، که وه‌ک ئه‌ستێره‌ی گه‌ڵاوێژ به ئاسمانه‌وه دیار بوون که ئه‌م به‌ڵێنیانه ڕاست نابن، که چی کورد له ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان به خۆش بڕوایی مانه‌وه تا ئێران دار وبه‌ردی کرده پاسدار و به سیج بۆ گیانی گه‌له‌که‌مان، له باشوری کوردستانیش له ساڵی 2003 ئه‌و هه‌له مه‌زنه‌مان ده‌ست که‌وت، هه‌ر ماینه‌وه تا له‌به‌غداوه دۆست و هاوپه‌یمانه‌کانمان سه‌ربه‌خۆ مان بکه‌ن، که چی دیتمان هیندێک خۆیان گرته‌وه چه‌ند ده‌ره‌جه له سه‌دام زیاتر به دژی کورد چوونه سه‌ره‌وه، پلانی ئه‌مان زۆر له‌وه‌ی سه‌دام خرابتره، سه‌دام به دوژمنایه‌تی ئاشکرا ده‌یکرد، ئه‌مان ده‌یاننه‌وێ پلانه‌کانیان بکه‌ن به ماده‌ی یاسایی و له‌و پێوه‌ندییه‌شدا کورد مه‌جاڵی نامێنێ له نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان هاوارێک بکات، که چی سیاسه‌توانانی باشوری کوردستان هه‌ر به نه‌رمی ده‌جوڵێنه‌وه و ئه‌وانیش زیاتر توند ده‌بنه‌وه، مه‌به‌ستی من ئه‌وه نییه که خوای نه‌خواسته کورده‌کانی باشور ده‌ست بده‌نه کاری توند و تیژی، مه‌به‌ستم ئه‌وه‌یه که نه‌رمی سیاسه‌ت کردن له به‌رامبه‌ر ئه‌و پلانانه زه‌ربه‌ی گه‌وره ترمان لێ ده‌دا.
*ئاڵای ئازادی ـ ئێوه له‌پارتى سه‌ربه‌ستى چۆن ده‌رِواننه ئاينده‌ى كه‌ركوك، ئايا ده‌گه‌رِێته‌وه سه‌ر هه‌رێمى كورستان يان وه‌ك هه‌رێمێكى سه‌ربه‌خۆ كه ئه‌مه‌يان داوايه‌كى توركمانه‌كانه، ده‌مێنێته‌وه؟
عارف باوه‌جانی وڵام: ئاینده‌ی که‌رکوک په‌یوسته به ئاینده‌ی پارته سیاسییه‌کانی باشوری کوردستان، ئه‌گه‌ر ئه‌وان به جدی داواکاری که‌رکوک بن و هه‌موویان له سه‌ر مه‌سه‌له‌ی که‌رکوک یه‌ک قسه‌بن، ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه که‌رکوک ده‌گه‌ڕێته‌وه باوه‌شی نیشتمانی دایک، به‌ڵام ئه‌گه‌ر ناته‌با بین و هه‌ر یه‌که و به جییا له سه‌ری بدۆێن زۆر به ئاسانی ده‌یدۆڕێنین، یه‌کێک له هه‌ڵه‌ی گه‌وره‌مان له ئاست که‌رکوک ئه‌وه‌یه که ماڵی خۆمان خستووه‌ته نێۆ ماده‌یه‌که‌وه که ئایا بۆمان ده‌بێته‌وه یانابێته‌وه، هیچ کات دوای ڕوخانی به‌عس پێویستی به‌وه نه‌ده‌کرد که قبوڵ بکه‌ین که‌رکوک بخرێته نێۆ ماده‌وه، چون ئه‌و به ناو نه‌یارانی سه‌دام کاتێک له تاراوگه بوون باش ده‌یاننزانی کێشه‌ی کورد و ڕێنه‌که‌وتنی له‌گه‌ڵ سه‌دام به‌شی زۆری که‌رکوکه، ئیتر بۆ ده‌بێت ئه‌وانیش له خۆمان بکه‌ینه‌وه به سه‌دام، من کاتێک باسی که‌رکوک م لێده‌پرسن یه‌کسه‌ر ئورومیه‌م دێته‌وه یاد، که به داخه‌وه کورده‌کانی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان حه‌تا له گۆشه‌یه‌کی ڕادێۆ ڕۆژنامه‌کانی خۆشیان باسی لیوه ناکه‌ن، ده‌ڵێن جاری با باسی ئورومییه نه‌که‌ین، منیش ده‌زان ئه‌و جاره‌ی ئه‌وان وامان لیده‌کات، کاتێک گه‌ڕاینه‌وه ڕۆژهه‌ڵات ده‌بینین دار به‌ردیشیان لێ دوور خستوینه‌ته‌وه،
*ئاڵای ئازادی ـ په‌كه‌كه رايگه‌ياند "ئه‌گه‌ر باشووريش ته‌نازول بكات له‌سه‌ر مه‌سه‌له‌ى كه‌ركوك ئه‌وا ئێمه نايكه‌ن، له‌به‌رئه‌وه‌ى كه‌ركوك دڵى هه‌رچوار پارچه‌ى كوردستانه"، ئه‌م قسه‌يه لێكدانه‌وه‌ى زۆرى بۆكرا، ئێوه له‌و رووه چى ده‌ڵێن؟
عارف باوه‌جانی وڵام: من پێم وایه ئێمه ده‌بێت ڕێز له خه‌باتی هه‌ر پارت و لایه‌نێکی به‌شه داگیرکراوه‌کانی کوردستان بگرین، ئێمه پێمان وایه پارتی هه‌ر به‌شێکی کوردستان باشتر وایه پێشنیار بدات بۆ باشتر بوونی کێشه‌ی به‌شی دیکه، نه‌ک ڕاسته‌و خۆ ده‌ست بخاته نێۆ کار‌و باریان، من ئه‌وه‌ی پێ‌کاکا به دڵسۆزی ده‌زانم به رامبه‌ر به که‌رکوک، به‌ڵام باشتر وایه که ئه‌و حیزبانه‌ی که ده‌نگی موتمانه‌ی خه‌ڵکیان له‌و به‌شه به ده‌ست هێناوه با ئه‌وان کاری له سه‌ر بکه‌ن، ئه‌گه‌ر که‌م و کوریشیان هه‌بێت ئه‌وه به دڵنیاییه‌وه خه‌ڵک ئه‌و موتمانه‌یان پێ ناداته‌وه، له‌و بڕواش نیم هه‌رگیز سه‌رکردایه‌تی کورد ده‌ست به‌رداری که‌رکوک بێت، له ڕوانگه‌ی یاسای نێۆنه‌ته‌وه‌ییشه‌وه بۆی بچین ده‌بێت کورده‌کانی باشور بۆ ئه‌و کاره به‌رچاوبن، به بۆچوونی من ئێمه وه‌ک کوردی به‌شه‌کانی دیکه‌ی کوردستان ده‌بێت وه‌ک هێزی پشتیوان خۆمان ئاماده بکه‌ین.
*ئاڵای ئازادی ـ له‌نێو حزبه‌كانى رۆژهه‌لآتدا كێشه‌و دووبه‌ره‌كى هه‌يه، ئێوه پێتانوايه خه‌باتكردن بۆ رزگاركردنى به‌شێكى تر له‌خاكى كوردستان به‌و شێوه‌يه ده‌كرێت؟
عارف باوه‌جانی وڵام: به‌ڵی به داخه‌وه ئه‌وه‌ی که باستان کرد هه‌یه، ته‌زاد و ناکۆکیش هه‌رگیز خزمه‌ت به هیچ ئامانجێکی خه‌ڵکی کوردستان له هیچ به‌شیک ناگه‌یه‌نێت، که‌وابێت با له خۆمان بپرسین و بڵێین ئه‌وه‌نده‌ی به ناکۆکی و دژایه‌تی یه‌کتره‌وه خه‌ریکین، با بۆ ماوه‌ی یه‌کساڵێش ته‌بایی و لێک نزیک بوونه‌وه تاقی که‌ینه‌وه با بزانین چه‌نده به سود و ئاکامی چی به شۆێندا دێت. به‌ڵام به هه‌زاران جار ئه‌زموونی ناکۆکی و شه‌ڕی ناوخۆیمان دیوه، که چه‌نده زه‌ربه‌ی له گشت بوارێکه‌وه لیداوین.
*ئاڵای ئازادی ـ چه‌ند رۆژێك له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌يه‌ك له‌خه‌ڵكى كوردستانى رۆژهه‌لآت به‌ياننامه‌يه‌كيان بلآوكرده‌وه له‌سه‌ر پێشێلكردنى مافه‌كانى مرۆڤ له‌رۆژهه‌لآتى كوردستان له‌لايه‌ن ده‌سه‌لآتدارانى كۆمارى ئيسلامى ئێرانه‌وه‌و تێيدا داواى يه‌كگرتنه‌وه‌ى به‌په‌له‌ى هێزه كوردييه‌كان ده‌كات، ئێوه چى ده‌ڵێن له‌وباره‌يه‌وه؟
عارف باوه‌جانی وڵام: ئێمه‌ش وه‌ک پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستان هه‌ر به به‌یاننامه‌ی تایبه‌تی وڵامی ئه‌و به‌یاننامه‌ی کۆمه‌ڵێک دڵسۆزی ڕۆژهه‌ڵاتی کوردستان‌مان دایه‌وه، پێم وا بێت ئێمه دووه‌مین لایه‌نی کوردی بووین که خێرا پێشوازیمان له‌و داوای خه‌ڵک کرد، به خۆشییه‌وه دیتمان چه‌ندین حیزبی دیکه‌ش به ده‌م ئه‌و بانگه‌وازه‌وه هاتن،
*ئاڵای ئازادی ـ ماوه‌ى چه‌ند رۆژێكيش له‌مه‌وبه‌ر ژماره‌يه‌ك له‌دۆستانى حزبه‌كانى كوردستانى رۆژهه‌لآت، هه‌وڵياندا باڵه‌كانى كۆمه‌ڵه له‌يه‌ك نزيك بكه‌نه‌وه، به‌لآم به‌جۆرێك له‌جۆره‌كان هه‌وڵه‌كان بێ‌ئاكام بوون، ئێوه له‌و نێوه‌دا هيچ رۆڵێكتان گێرِا؟
عارف باوه‌جانی وڵام: من له‌و باره‌وه زۆر ئاگادار نیم، به‌ڵام منیش ده‌ڵیم خۆزگه ئه‌و چه‌ند کۆمه‌ڵه که هه‌یه هه‌موویان ببنه‌وه به یه‌ک پارتی یه‌کگرتووی نه‌ته‌وه‌یی، باوی به شۆێن که‌وتنی بیرۆکه‌ی کۆمۆنیستی ئیرانی و جیهانی نه‌ماوه، با هه‌موومان له بیری ڕزگارکردنی خاک و زێدی خۆمان بین،
*به‌كورتى عارف باوه‌جانى كێيه .
وڵام : به‌كورتى : عارف باوه‌جانى له ساڵى 1973 له ناوچه‌ى باوه‌جانى سه‌ر به پارێزگاى كرماشان له‌دايك بووه، له ساڵی 1979 له‌گه‌ڵ بنه‌ماڵه‌که‌ی ئاواره‌ی ئێراق بووه، له ساڵه‌کانی 1988 تا 1991 وه‌ک پێشمه‌رگه ده‌چێته ڕیزی حیزبی دێمۆکراتی کوردستانی ئێران، له‌ساڵی 1997 له رِێگاى كۆميسارياى به‌رزى په‌نابه‌رانه‌وه وه‌ك په‌نابه‌ر له ولآتى نه‌رويج نيشته‌جێ بووه. ماوه‌ى چه‌ند ساڵێك له‌گه‌ڵ حيزبي سۆسيال چه‌پي نه‌رويج كاري كردوه، له لیستی ئه‌و حیزبه‌دا وه‌ک ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی شاره‌وانی شاری ئۆسڵۆ هه‌ڵبژێردراوه، له‌ماوه‌ی نزیک به 11 ساڵ ته‌مه‌نی ئاواره‌یی له وڵات نۆ‌رویژ به‌رده‌وام خزمه‌تی به خه‌ڵکه‌که‌ی کردوه، یه‌کێک له‌کاره به‌رچاوه‌کانی خزمه‌تی به‌رده‌وام به په‌نابه‌رانی کورد بووه، ناسراوی وتێکه‌ڵاوێکی زۆری له نێۆ په‌رله‌مانتاران و سیاسه‌ت زانانی وڵاتی نۆ‌رویژ و وڵاتانی ئوروپای و ئه‌مریکایی په‌یدا کردوه، له‌چه‌ندین شۆێنی گرنگی نۆرویژدا نه‌خشی به‌رچاوی بۆ ناساندنی کێشه‌کانی کوردستان هه‌بووه. ناوبراو دامه‌زرێنه‌ی پارتی سه‌ربه‌ستیی کوردستانه‌و ئێستاش سه‌رۆكى ئه‌م پارته‌یه، كه ماوه‌ى دوو ساڵ و نیوه دامه‌زراوه.
سوپاس بۆ به‌ڕیزتان و ڕۆژنامه‌ی ئاڵای ئازادی.
No comments:
Post a Comment