Monday, October 13, 2008

هێزه‌كانی رژیم له‌ كوردستان رۆژانه‌ جنایه‌ت ده‌خولقێنن


image

وته‌ی ڕۆژ


هێزه‌كانی رژیم له‌ كوردستان رۆژانه‌ جنایه‌ت ده‌خولقێنن

له‌ كاتێكدا كه‌ هێشتا مانگرتنی به‌شێك له‌چالاكانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی له‌زیندانه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌رده‌وامه‌، ئه‌م رژیمه‌ وه‌ك سیاسه‌تی هه‌میشه‌یی خۆی ده‌ستی داوه‌ته‌ ته‌قه‌كردن‌و كوشتنی شارۆمه‌ندانی كورد به‌شێوه‌ی جیاجیا. به‌پێی هه‌واڵه‌كان هێزه‌كانی‌ رژیم له‌ چه‌ند رۆژی رابردوو به‌شێوه‌یه‌كی نامرۆڤانه‌ رووی چه‌كه‌كانیان كردۆته‌ شارۆمه‌ندانی كوردو چه‌ندین كه‌سی بێتاوانیان كوشتووه‌. له‌تازه‌ترین هه‌واڵه‌كان‌و له‌و پێوه‌نده‌دا پێویسته‌ ئاماژه‌ به‌وه‌ بكه‌ین كه‌ هێزه‌كانی رژیم له‌ ناوچه‌ی سه‌لاسی باوه‌جانی‌ ته‌قه‌یان له‌ كه‌سێك به‌ ناوه‌ی‌ "جه‌زا محه‌مه‌دی‌" كردو به‌ داخه‌وه‌ بوونه‌ته‌ هۆی گیان له‌ده‌ستدانی ناوبراو. هه‌ر له‌و پێوه‌نده‌داو ئه‌مجاره‌یان له‌شاری ره‌به‌ت، هێزه‌كانی سه‌ر به‌ سپای پاسداران ته‌قه‌یان له‌كاسبكارێكی ئه‌و ناوچه‌ به‌ناوی "هیوا په‌سه‌ندیده‌" كردووه‌ له‌ئاكامدا ناوبراو گیانی له‌ده‌ست داوه‌. هه‌ر له‌ رۆژانی رابوردودا بوو كه‌ ئه‌شره‌ف حسێن په‌ناهی برای به‌ندكراو و مانگرتوو ئه‌نوه‌ر حسێن په‌ناهی، پاش ئه‌وه‌ی كه‌ چه‌ندین جار له‌لایه‌ن ئیتلاعاته‌وه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی لێده‌كرێ تا شۆین دۆسییه‌ی براكه‌ی نه‌كه‌وێ، به‌شێوه‌یه‌كی گوماناوی كوژرا. له‌ درێژه‌ی ئه‌و جنایه‌تانه‌یاندا، هێزه‌ ئینتیزامییه‌كانی‌ رژیم جێگیر له‌ناوچه‌ی‌ خاومیراوا و ساوجی‌ له‌ نزیك ئاوایی‌ مێرگه‌درێژ ته‌قه‌یان له‌ كاسبكارێك به‌ ناوی‌ ئارام خه‌ڵكی‌ ئاوایی‌ سێفی‌ ژووروو كردوه‌ و به‌ توندی‌ برینداریان كردوه‌. پێویسته‌ وه‌بیری بێنینه‌وه‌ كه‌ هه‌ر چه‌ند رۆژ له‌مه‌و پێش بوو هێزه‌كانی كۆماری ئیسلامی له‌سه‌ر جاده‌ی سه‌رده‌شت-مه‌هاباد ته‌قه‌یان له‌ماشێنك كرد كه‌ له‌ئاكامدا بووه‌ هۆی كوژرانی عه‌لی شۆفیری تاكسیه‌كه‌و بریندار بوونی سه‌رنشینه‌كه‌ی دیكه‌ی.

سه‌رجه‌م ئه‌م چه‌ند هه‌واڵه‌ی كه‌ ئێستا باسمان كرد بۆ كه‌سێك كه‌ كۆماری ئیسلامی به‌باشی نه‌ناسێ بیر له‌وه‌ ده‌كاته‌وه‌ تۆ بڵێی له‌كام به‌ره‌ی شه‌ڕو تێكهه‌ڵچووندا ئه‌م كه‌سانه‌ كه‌وتبێتنه‌ به‌ر ته‌قه‌ی هێزه‌كانی دوژمن‌و ئاوا یه‌ك له‌دوای یه‌ك گیانیان لێسه‌ندرابێته‌وه‌. هه‌ڵبه‌ت هیچ جێگه‌ی سه‌رسوڕمان نییه‌‌و ئه‌م كه‌سانه‌ی كه‌ به‌جۆرێك ناویان هاتووه‌و زۆر كه‌سی دیكه‌ش سه‌رجه‌میان له‌ كوردستان‌و به‌هۆی ته‌قه‌ی هێزه‌ داگیركه‌ره‌كانی كوردستان گیانیان له‌ده‌ستداوه‌. ته‌قه‌كردن‌و كوشتن‌و له‌نێوبردن به‌شێوه‌ی جیاجیا له‌ لایه‌ن كۆماری ئیسلامی به‌دژی خه‌ڵكی كورد شتێكی تازه‌ نییه‌و ئه‌م بێ ره‌حمی و دلرقیه‌ به‌رده‌وام له‌لایه‌ن كۆماری ئیسلامییه‌وه‌ په‌ره‌سه‌ندنی به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌. مێژووی پڕ له‌ده‌سه‌ڵاتی حاكمانی ئایینی به‌نیسبه‌ت كوردستان پڕاوپڕه‌ له‌م جۆره‌ جینایه‌تانه‌. هه‌ر له‌ هێرش‌و ئیعدامه‌كانی سه‌ره‌تای هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامییه‌و بگره‌ تا كوشتن‌و قه‌ڵاچۆكردنی به‌شێك له‌گونده‌كانی كوردستان‌و پاشان ئیعدامی به‌كۆمه‌ڵی تێكۆشه‌رانی كوردو زیندانی‌و دوورخستنه‌وه‌، بێ سه‌روشوێن كردن، لاپه‌ڕه‌كانی مێژووی ده‌سه‌لاتی ئه‌م رژیمه‌ن.

ئه‌وه‌ی روونه‌ بۆ هه‌موو لایه‌ك ئه‌و راستیه‌یه‌ كه‌ حاكمانی تاران به‌هیچ جۆرێك نایانهه‌وێ خه‌ڵكی كوردستان به‌شێوه‌یه‌كی شارستانیانه‌و له‌هێمنی‌و ئاسایشدا ژیان به‌رنه‌ سه‌ر. ئه‌گه‌ر چاوێك به‌رابردووی مێژووی خه‌ڵكی كورد پاش هاتنه‌ سه‌ركاری كۆماری ئیسلامی به‌كوردستاندا بخشێنینه‌وه‌، به‌ئاشكرا ده‌رده‌كه‌وێ كه‌ ئه‌م رژیمه‌ له‌هه‌ر قۆناغێك‌و به‌ هه‌ر جاره‌ به‌بیانوویه‌كی بێبنه‌ما ده‌ستی به‌خوێنی تێكۆشه‌رانی كورد وته‌نانه‌ت خه‌ڵكی ئاسایی سوور بووه‌. ئێستاكه‌ش ئه‌وه‌ی له‌م چه‌ند ساڵه‌دا له‌ ده‌وڵه‌تی پاسداری ئه‌حمه‌دی نژاد بینراوه‌ جیا له‌وه‌ی ته‌واوی هه‌وڵی خۆی خستۆته‌ گه‌ڕ بۆ به‌نیزامی كردنی كوردستان له‌ شێوازی جۆراوجۆردا، سیاسه‌تی كوشتن‌و له‌نێوبردنی كوردی بۆجارێكی دیكه‌و به‌شێوه‌ی چڕتر هێناوه‌ته‌ ده‌ستوری كاری خۆیه‌وه‌.

هێرش بۆ سه‌ر خه‌ڵكی ئاسایی‌و دانی حوكمی ئیعدام به‌سه‌ر موعه‌لمین‌و رۆژنامه‌نووسان‌و كرێكاران‌و خوێندكاران‌و به‌گشتی چالاكانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی‌و هه‌روه‌ها بڕینه‌وه‌ی حوكمی شه‌لاق بۆ چالاكانی كرێكاری، سیاسی، هه‌ڕه‌شه‌كردن له‌مامۆستای خوێندنگاكان‌و چوونه‌ سه‌ر ماڵی كه‌سایه‌تییه‌ خۆشناوه‌كان، یه‌ك له‌و سیاسه‌تانه‌یه‌ كه‌ده‌وڵه‌تی نۆهه‌م له‌دژی خه‌ڵكی كورد تا ئێستاكه‌ ره‌چاوی كردووه‌.

به‌له‌به‌رچاوگرتنی ئه‌وانه‌ باسمان كردن درێژه‌دان به‌سه‌ركوت‌و پێشێلكردنی مافه‌كانی مرۆڤ و هه‌روه‌ها كه‌مته‌رخه‌می رژیم به‌نیسبه‌ت ئاگاداركردنه‌وه‌ نێونه‌ته‌وه‌ییه‌كان ئه‌م رژیمه‌ی زیاتر له‌هه‌میشه‌ توشی قه‌یران‌و كێشه‌و گرفتی جیدی له‌ئاستی ده‌ره‌كیدا كردوه‌. له‌لایه‌كی دیكه‌شه‌وه‌ پێویسته‌ خۆڕاگری‌و به‌رده‌وامی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كورد له‌ئاست سه‌رجه‌م ئه‌و سیاسه‌ته‌ نامرۆڤانه‌یه‌ له‌به‌چاو بگرین كه‌ بوێرانه‌و بێ راڕایی درێژه‌ به‌خه‌بات‌و به‌ره‌نگاری ده‌ده‌ن. كوشتنی شارۆمه‌ندانی كوردو له‌نێوبردنی سه‌ره‌ڕۆیانه‌ی دانیشتوانی كوردستان هیچ كات نه‌بۆته‌ هۆی پاشه‌كشه‌ی بزووتنه‌وه‌ی ره‌وای گه‌لی كوردو به‌ڵكوو به‌پێچه‌وانه‌وه‌ بۆته‌ هۆی وره‌ به‌رزری‌و رق‌وقینی زیاتر به‌دژی كۆماری ئیسلامی. مانگرتنی چالاكانی سیاسی‌و مه‌ده‌نی به‌دژی سیاسه‌ته‌ نائینسانیه‌كانی كۆماری ئیسلامی به‌جۆرێك ده‌چێته‌ خانه‌ی ئه‌و خۆڕاگرییه‌ جه‌ماوه‌رییانه‌ی كۆمه‌ڵانی خه‌ڵكی كوردستان له‌دژی ئه‌و پێشلكارییانه‌ی كۆماری ئیسلامی.

No comments: