Thursday, October 9, 2008

تاڵه‌بانی: ئه‌مه‌ریكییه‌كان سازشی باشیان كردووه‌ و مۆرنه‌كردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌ش زیان به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت


Peyamner PNA- "جه‌لال تاڵه‌بانی" سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكییه‌كان سازشی باشیان له‌مه‌ڕ رێككه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌ته‌كه‌ كردووه‌ و مۆرنه‌كردنی ئه‌و رێككه‌وتننامه‌یه‌ش زیان به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت.

سایتی هه‌واڵی "ئه‌سوات عێراق" بڵاویكرده‌وه‌، "جه‌لال تاڵه‌بانی" سه‌رۆك كۆماری عێراقی فیدڕاڵ له‌میانه‌ی چاوپێكه‌وتنێكی له‌گه‌ڵ كه‌ناڵی ئاسمانی "عێراقییه‌"ـدا، رایگه‌یاند، ئه‌مه‌ریكییه‌كان سازشی باشیان له‌مه‌ڕ مۆركردنی رێككه‌وتننامه‌ ستراتیژییه‌ته‌ درێژخایه‌نه‌كه‌ كردووه‌، پێشبینیشی كرد كه‌ به‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی شانده‌كه‌ی ئه‌مه‌ریكا پرسی رێككه‌وتننامه‌كه‌ یه‌كلایی بكرێته‌وه‌.

له‌به‌شێكی دیكه‌ی چاوپێكه‌وتنه‌كه‌یدا، "تاڵه‌بانی" ئاما ژه‌ی به‌وه‌كرد، كه‌ خاڵی زۆر له‌ نێوان لایه‌نی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی چاره‌سه‌ر كراوه‌، به‌ڵام هێشتا دوو خاڵ له‌ ژێر لێكۆڵینه‌وه‌دایه‌، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا ئاره‌زووی هاوبه‌شیان بۆ گه‌یشتن به‌ چاره‌سه‌ر هه‌یه‌.

له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌، "تاڵه‌بانی" تیشكی خسته‌ سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ مۆرنه‌كردنی رێككه‌وتننامه‌كه‌ زه‌ره‌ر به‌ عێراق ده‌گه‌یه‌نێت، به‌شێوه‌یه‌ك له‌ژێر داگیركاری ده‌یهێڵێته‌وه‌، هه‌روه‌ها له‌هه‌ر چركه‌ساتێكدا بێت، داهاته‌ نه‌وتییه‌كان راده‌گرێت و كه‌موكورتیش بۆ سه‌روه‌ری عێراق دروست ده‌كات.

جێی ئاماژه‌یه‌، هه‌ردوو لایه‌نی عێراقی و ئه‌مه‌ریكی به‌مه‌به‌ستی مۆركردنی رێككه‌وتننامه‌یه‌كی ستراتیژی درێژخایه‌ن، له‌ دانووستاندان.

No comments: