Thursday, October 9, 2008

گه‌وهه‌رێک له‌قوڵایی ده‌ریای بێده‌نگی دا




avatar بۆ یادی 12 ساڵه‌ی شه‌هید بوونی عومه‌ری سه‌لیمی
هه‌ڤاڵ ئه‌حمه‌دی

پاییزه ‌دار و ده‌وه‌ن بێ به‌رگــــــــه‌
دڵ په‌شۆکاوی خه‌یاڵی مه‌رگـــــه‌
هه‌ر گه‌ڵا یێ که ‌له‌دارێ ده‌که‌وێ
نووسراو‌ێکه ‌ ‌به‌ناخۆش خــه‌وه‌رێ
(سواره‌ئه‌لخانی زاده‌)

ئه‌گه‌ر پاییز بۆ هێندێک که‌س وه‌رزی کۆ کردنه‌وه‌ی به‌ر و بوومی ساڵانه‌یه. ‌بۆ ئێمه‌ش له‌ده‌شتی کۆیه‌ی پڕ له‌ته‌پوتۆز و گه‌رما تاقه‌ت پڕوکێنه‌که‌یدا وه‌رزێکی خۆش و فێنک بوو. کاتێک به‌هاتنی پاییز، کزه‌بای پاییزی خۆی ده‌کرد به‌که‌لێن و قوژبنه‌کانی قه‌ڵا کڕگرتووه‌که‌ی به‌ر هه‌تاوی ده‌شتی کۆیه‌ی تێکۆشه‌رانی دێموکراتدا.له‌ وانه‌ش خوشتر له‌ ئامێز گرتنی هاوریانێک له‌ له‌ نێوخوی وه‌ڵاته‌وه‌ به‌ سڵامتی ده‌گه‌رانه‌وه‌ ئه‌وانه‌ پاییزیان دڵگیرتر و خووشتر ده‌کرد بۆ ئیمه‌.

به‌ڵام پاییز ساڵ1375ی هه‌تاوی به‌ڕاستی پاییزێک بوو به‌ته‌واوی مانای وشه‌. که‌گوڵ سیس ده‌بێ، گه‌ڵا ده‌وه‌رێ و باڵنده‌کان کۆچ ده‌که‌ن. خۆ ئه‌گه‌ر شه‌هید بوونی عمرله‌و پاییزه‌ دا بۆ حیزبی دێموکرات هه‌واڵیکی زۆر گرینگ نه‌بوو که‌عومه‌ری سه‌لیمی هه‌رچی له‌توانای دا بوو له‌ریزه‌کانی ئه‌و حیزبه‌دا کردی و ئه‌گه‌ر بۆ هاوڕێیانی ‌عومه‌ریش ته‌نیا هه‌واڵیکی ناخۆش بوو. به‌ڵام بۆ دوسته‌کانی که‌ عمو گوڵی سه‌رسه‌به‌تی کۆڕی یارانی بوو هه‌واڵێکی دڵته‌زێن بوو. له‌لای من هه‌ڵفڕانی گشت باڵنده‌کانی سه‌ر داری ره‌فاقه‌ت و دۆستایه‌تی بوو. عومه‌ر هاوڕێ بوو، برا بوو، مامۆستا بوو، له‌بیرم نایه‌ که‌کێشه‌یه‌کم هه‌بووبێ و عومه‌ر بۆی چاره‌سه‌ر نه‌کردبم. ده‌ڵێن: له‌خۆ به‌که‌ناردا کێشانی شه‌پۆله‌کاندا هه‌موو جارێک کۆمه‌ڵێک خیز و چه‌وی که‌نار ده‌رۆنه‌وه ‌نێو ئاو. واته‌هه‌ر له‌عومری که‌نار که‌م ده‌که‌نه‌وه‌. به‌ڵام هێندیک جاریش شه‌پۆله‌کان کۆلکه‌دارێک له‌گه‌ڵ خۆیان دێنن بۆ که‌نار هه‌تا بێ نه‌وایه‌ک میچی ماڵه‌که‌ی پێ داپۆشێ. به‌راستی عومه‌ر هه‌میشه ‌ئه‌و شه‌پۆلانه ‌بوو که‌هه‌میشه ‌شتێکی موسبه‌تیان پێیه‌. ئه‌و په‌نا بوو قه‌ڵا بوو، هیوا بوو، وره‌بوو، ئه‌و به‌راستی پێشمه‌رگه‌بوو.

پێش ئه‌وه‌ی عومه‌ر ساڵێ 1360 ببێته ‌پێشمه‌رگه ‌له ‌ریزه‌کانی حیزبی دێموکراتدا و ژیانی شؤڕشگێری هه‌ڵبژێرێ، چی ده‌خوارد و چی ده‌پۆشی، بابه‌تی ئه‌م چه‌ند دێره‌نیه‌. به‌ڵام به‌دڵنیاییه‌وه ‌ژیانی شه‌خسی عومه‌ر هه‌ر وه‌ک ژیانه ‌شۆڕشگێریه‌که‌ی، بۆ ده‌وره‌به‌ری به‌ماناو به‌سوود بووه‌.

عومه‌ر کوڕێکی به‌ته‌واو مانا ناسیۆنالیست بوو و نه‌ته‌وه‌ی خۆی زۆر خۆش ده‌ویست، ئه‌وه‌ش له‌هه‌ڵسوکه‌وتی رۆژانه ‌و پۆشینی جلوبه‌رگیدا به‌راشکاوی خۆی ده‌نواند. ئه‌و خسله‌تانه‌ت ‌له ‌که‌سێک به‌ناوی عومه‌ری سه‌لیمی له‌جلوبه‌رگی پێشمه‌رگه‌یه‌کی دێموکرات دا ده‌دۆزییه‌وه‌. له‌کۆڕی یاراندا کۆمه‌ڵایه‌تی، لێوبه‌بزه‌، له‌سه‌رخۆ، پاک، خاوێن، به‌مشوور و ده‌نگ خۆش و ئه‌وه‌ی پێ ده‌ڵێن (ده‌نگی ره‌سه‌ن) ئه‌ده‌بیات خۆشه‌ویست و شیعر په‌رست. به‌غیره‌ت و ئازا، به‌ئیمان و به‌وه‌ره‌ له‌ئاست دوژمندا.

shehid-omar-selimi.jpg
رۆژێکی له‌گه‌ڵ شه‌هید محه‌ممه‌د علیزاده ‌له ‌بنکه ‌دانیشتبووین و گوێمان دابوه‌کاستێکی شه‌هرامی نازری، عومه‌ر هاته‌ژوورێ وتی، ئه‌وه‌چیه ‌له‌قه‌ندیلیش له‌کۆڵ گۆرانی فارسی نابنه‌وه‌، شه‌هید محه‌ممه‌د وتی ئێستا گۆڕیم له‌کوێ بووی؟ عه‌لی خه‌ندان گۆرانی ده‌کوت و ته‌پوتۆزی له‌بڵندگۆیه‌که ‌ده‌هێنا ده‌رێ. رۆژێکی دیکه‌من گوێم له‌محه‌ممه‌د ره‌زا شه‌جه‌ریان گرتبوو، شه‌هید عومه‌ر له‌ته‌نیشتم دانیشتبوو و چوارخشه‌ته‌کییه‌کانی عومه‌ر خه‌یامی ده‌خوێنده‌وه‌، بێ ئاگا بووم که‌گوێی داوه‌ته ‌گۆرانییه‌که‌،له‌شوێنێک وتی دا رایگره ‌ئه‌وه ‌چی وت؟ ئه‌وه ‌زۆر خۆش بوو. که‌گێرامه‌وه ‌ئه‌و شوێنه‌که‌دیوت: مرغ زیر‌ک چون به‌دام افتد تحمل بایدش (مه‌لی زیره‌ک که‌به‌داوه‌وه‌بێ ده‌بێ سه‌بوور بێ) رۆژ تێپه‌ڕین، هه‌ستم کرد ورده‌ورده‌ئۆگری هه‌ڵبه‌ستی فارسیش بووه‌، ئه‌و کات بۆم ده‌رکه‌وت که‌عومه‌ر ناسیۆنالیسته‌، به‌ڵام ناسیۆنالیستێکی به‌رچاوته‌نگ نیه‌و رێزی بۆ میلله‌ته‌کانی دیکه‌ش هه‌یه‌. ساڵی 1373 من و عومه‌ر له‌کۆیه‌وه‌ به‌ره‌و ناوچه‌ی موکوریان که‌وتینه ‌رێ. له‌سه‌ر سنوور وتی: یه‌ک داوام لێت هه‌یه‌ئه‌گه‌ر بریندار بووم ناڵیم له‌کۆڵم بکه‌و ده‌ربازم بکه‌، به‌ڵام هه‌ر بۆ خۆت بمکوژه‌با وه‌ده‌ست دوژمن نه‌که‌وم. که‌چووینه‌وه‌له‌وێ زیاتر بۆم ده‌رکه‌وت که‌عومه‌ر چه‌ند له‌نێو خه‌ڵکدا جێگا و پێگه‌ی هه‌یه‌و چه‌نده‌خۆشه‌ویستی خه‌ڵکه‌. ئه‌و خه‌ڵکه‌ی عومه‌ر هه‌موو ژیانی لاوه‌تی خۆی و ته‌نانه‌ت گیانیشی له‌پێناویاندا به‌خت کرد. عمر هه‌مووکات له‌ هه‌لومه‌رجه‌ جۆراوجۆره‌کان دا شیعری به‌ کار ده‌برد. رۆژێکی له‌شوێنێکی حاسته‌م مابوویه‌نه‌وه ‌هه‌ر به‌رێکه‌وت کۆمه‌ڵیک جاش و پاسدار روویان تێکرد، وتم: نه‌موت با نه‌چینه‌ئه‌و شوێنه‌حه‌ساسه‌، ئێستا چی بکه‌ین؟" وتی له‌شاخی چیمان ده‌کرد لێره‌ش هه‌ر ئه‌وه‌ده‌که‌ین، شه‌ڕ ده‌که‌ین. وتم لێره‌شانسی نه‌جات بوون زۆر که‌مه‌. وتی: مرغ زیر‌ک چون به‌دام افتد تحمل بایدش. یان کاتێک عوسمان شێخ چۆپانی بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر به‌برینداری له‌نێو که‌مینی دوژمن دا مابووه‌وه‌، خاڵه‌عه‌بدوڵڵا شێنانی من و شه‌هید عومه‌ری به‌دوادا نارد تا هه‌واڵێکی بێنینه‌وه‌. که‌دۆزیمانه‌وه ‌پاشان له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵیک پێشمه‌رگه‌ی دیکه‌دا شه‌وێ چووین هێنامان، له‌سه‌ر بێسیمه‌که ‌به‌ده‌نگی به‌رز عومه‌ر به‌خاڵه‌عه‌بدوڵڵا شێنانی وت: "ئه‌ی ده‌وه‌نی گرمۆڵه‌ی سه‌ردابان مزگێنێ، زیندووه‌و هێنامان." (ئیشاره‌به‌ده‌نگی فه‌رهاد سه‌نگاوی له‌رادیۆ ده‌نگی گه‌لی کوردستان)

شه‌هید عومه‌ر سه‌لیمی ساڵی 1360 ده‌بێته ‌پێشمه‌رگه‌ی حیزبی دیمۆکرات و تاکوو ساڵی 1375 له‌هێزی به‌یاندا خزمه‌ت ده‌کا. پله‌ته‌شکیلاتیه‌کان یه‌ک به‌دوای یه‌کدا ده‌بڕی و ده‌بێته‌سه‌رپه‌ل و پاشان وه‌ک کادری کۆمیته‌ی ناوچه ‌له‌ ‌کۆمیته‌شارستانی بۆکان درێژه‌به‌تێکۆشان ده‌دا و بۆ چاندنی تۆوی شۆڕش له‌نێو لاوه‌کاندا بست به‌بست و مه‌زرا به‌مه‌زرا و گوند به‌گوند ده‌گه‌ڕێ و هیوای دوارۆژێکی رووناک و به‌رده‌وام بوونی خه‌بات جاڕ ده‌دا. سه‌رئه‌نجام له‌پاییزی ساڵی1375ی هه‌تاوی له‌مائموریه‌تێکی حیزبیدا له‌هاوڕێیانی داده‌بڕێ و ده‌چێته‌گوندی مێرگه‌نه‌خشینه ‌له‌ناوچه‌ی گه‌ورکی سه‌قز له‌وێ له‌لایه‌ن خۆفرۆشێکی خۆماڵییه‌وه ‌شه‌هید ده‌کرێ.

خه‌باتی رزگاریخوازی گه‌له‌که‌مان زۆری وه‌ک عومه‌ر سه‌لیمی له‌باوه‌شی خۆیدا په‌روه‌رده‌کرد و پێگه‌یاند، ‌زه‌حمه‌ت و فیداکاری عومه‌ره‌کان ئه‌و خه‌باته‌ی تاکوو ئێره‌هێناوه‌، به‌ڵام به‌داخه‌وه ‌حیزبی دێموکرات که‌عومه‌ر ئه‌وه‌حیزبه‌ی له‌بیلبیله‌ی چاوه‌کانی خۆشتر ده‌ویست و پارێزگاری لێ ده‌کرد، ناوێکی له‌عومه‌ری سه‌لیمی نه‌هێنا. حیزبێک که‌عومه‌ر هه‌میشه ‌ده‌یکوت:" من باسی ئه‌م دونیایه‌ناکه‌م، باسی ئه‌و دونیایه‌که‌ده‌که‌م که‌ئه‌گه‌ر هه‌بێ و قه‌رار بێ زیندوو بیبنه‌وه‌، له‌وێش هه‌ر پێشمه‌رگه‌ی دێموکراتم."

بیره‌وه‌ری عومه‌ر و کاری تێکۆشانی ده‌مهێنێته‌و سه‌ر ئه‌و باوه‌ڕه‌، که ‌ده‌ڵێن: شۆڕش ئینسانی ئاقڵ هه‌ڵیده‌گیرسێنێ و که‌سانی دڵپاک و سادقی وه‌ک عومه‌ر به‌ڕێوه‌ی ده‌با و که‌سانی هه‌لپه‌رست و قازانج ویست به‌رهه‌مه‌که‌ی ده‌خۆن. یاد و ناوی عومه‌ری سه‌لیمی هه‌ر پیرۆز ده‌مێنێته‌وه‌و چه‌که‌که‌ی بێ شان و سه‌نگه‌ره‌که‌ی به‌تاڵ نامێنێته‌وه‌.

رۆحی شاد و رێگای پڕ رێبوار بێ

No comments: